ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتیی بریتانیا کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و بۆ ماڵئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی لە ماوەی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا لێیان بینیوە. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامی و ئاستبەرزکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بریتانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە، و هیوای سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی بەردەوامی بۆ هەرێمی کوردستان خواست.
لە لایەن خۆیەوە، سەرۆک بارزانی سوپاسی هەوڵ و ئەرکەکانی کونسوڵی گشتیی بریتانیای کرد لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانیدا. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بریتانیا کردەوە و پێزانینی خۆی بۆ گەل و حکومەتی بریتانیا دەربڕی لە پای هەڵوێستە مێژووییەکانیان بەرامبەر بە گەلی کوردستان.
سەرەڕای ئەمانەش، بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دواین پێشهات و ئاڵنگارییەکان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بوون.
